زەکەریا
کورتە باسێک
لە کاتی قەیرانی ئابووری و ڕۆحی، پێغەمبەر زەکەریا بانگەوازی کرد بۆ ئەوەی نەوەی نوێ یەکگرتوو بن و پەرتەوازە نەبن. یەزدانی باڵادەست لە پلانیدا هەیە پەرستگا و شار و کۆمەڵگا بنیاد بنێتەوە، بۆ پێشوازیکردن لە پاشای ئۆرشەلیم و هەموو جیهان.‏
 
زەکەریا هاوسەردەمی حەگەی پێغەمبەر بوو، لە ساڵی ٥٢٠ پ. ز. بە ڕێنمایی ڕۆحی خودا ئەم پەڕتووکەی بۆ تۆمار کردووین. خودا ناردی بۆ ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوی و خاکی دیلیێتی گەڕابوونەوە هەتا هانیان بدات بۆ خواپەرستی بەبێ ترس. پەڕتووکەکە بە زنجیرەیەک بینین دەستپێدەکات باسی هێزی خودا و گرنگی هێزەکەی دەکات، چۆن خودا کاریگەری هەیە لەسەر کاروبارەکانی خەڵک، سزای خودا بۆ گوناه، هەروەها بەڵێن بۆ داهاتوو. لەدوای ئەو بینینانە زنجیرەیەک پەیام هەیە و بە شێوەیەکی گشتی باسی سزای داهاتوو دەکات. گرنگترین بەش لەم پەڕتووکە ئەو پێشبینییانەن کە تایبەتن بە هاتنی مەسیح.
تەوەری سەرەکی ئەم سیپارەیە گرنگیدانی خودایە بۆ دابینکردن و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی گەلەکەی. خودا پارێزگاری و چاکە و هێز و نیعمەتی خۆی بە گەلەکەی و ئەو کەسانە دەبەخشێت کە باوەڕیان پێی هەیە. گرنگترین شت کە پێویستیان پێی هەبوو، ناسینی خودا بوو بە شێوەیەکی باشتر، شایانی ئەوە بوو کە مەسیح بنێردرێ، عیسای مەسیحی پەروەردگار.