حوکمی بتپەرستان
١ چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن.
٢ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
٣ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە،
جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟
٤ لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت،
ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە،
ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە.
٥ وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە،
چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“
٦ «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ:
”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
تۆبە بکەن!
لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.
٧ «”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت،
ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات،
من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە.
٨ ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند.
لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم،
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
٩ «”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد،
من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە* و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم.
١٠ تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت،
تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت.
١١ ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە گڵاو دەبن بەهۆی هەموو گوناهەکانیان،
بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دەربازبوون لە حوکمی یەزدان مەحاڵە
١٢ ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات،
پێی فەرمووم:
١٣ «ئەی کوڕی مرۆڤ،
ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەرحەق بە من گوناە بکات،
بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات،
منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری،
مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
١٤ هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت،
نوح و دانیال و ئەیوب،
ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٥ «ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکی ئەو نەتەوەیەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار،
١٦ بە گیانی خۆم،
تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت،
ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون،
تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٧ «یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم:
”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“
ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،
١٨ بە گیانی خۆم،
تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت،
ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون،
تەنها خۆیان دەرباز دەکەن.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٩ «یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی،
هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە،
٢٠ ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لە ناوەڕاستی بوون،
بە گیانی خۆم،
ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون،
بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٢١ «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
ئەی چەند زیاتر،
کاتێک چوار حوکمە توندەکانم دەنێرمە سەر ئۆرشەلیم،
شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد،
هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە.
٢٢ بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون،
کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن.
ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا.
٢٣ کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن،
ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن،
چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»