خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە
١ ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات،
کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی:
٢ «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە،
چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر،
بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
٣ بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە:
«بە سدقیا بڵێن،
٤ ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن،
کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون.
لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە.
٥ من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز،
بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم.
٦ دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم،
مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە،
بە دەردێکی گەورەوە دەمرن.
٧ پاش ئەمەش،
سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە،
لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە،
دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن.
ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٨ «بەم گەلەش دەڵێیت:
”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم.
٩ ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت،
ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات،
ئەوانەی گەمارۆیان داون،
دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات.
١٠ لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە.
دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
١١ «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ:
”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
١٢ ئەی بنەماڵەی داود،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
١٣ ئەی ئۆرشەلیم،
ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
ئەوەتا من لە دژی تۆم.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێوە دەڵێن:
’کێ بەسەرماندا دەدات؟
کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
١٤ بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.