١ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بڕۆ لای گۆزەکەر،
گۆزەیەکی گڵ بکڕە.
هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە،
٢ بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەن‌هینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە*،
لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم.
٣ بڵێ:
”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن.
یەزدانی سوپاسالار،
خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
ئاگاداربن!
بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت،
گوێی بزرنگێتەوە.
٤ لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام،
ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین،
نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا،
ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان.
٥ نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا،
تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل،
کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو.
٦ لەبەر ئەوە ئاگاداربن،
سەردەمێک دێت،
چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەن‌هینۆم،
بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٧ «”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە،
وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن،
بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن،
تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.
٨ ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت،
گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
٩ وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن،
هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات،
لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“
١٠ «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان،
١١ پێیان بڵێ:
”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم،
وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە.
لە تۆفەت دەنێژرێن،
هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“
١٢ یەزدان دەفەرموێت:
”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم،
ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم.
١٣ جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن،
هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»
١٤ ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ،
لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت:
١٥ «یەزدانی سوپاسالار،
خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
”گوێ بگرن!
من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم،
ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم،
چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»