١ بریا برای من بووای،
شیرەخۆری مەمکی دایکم!
ئەوا لە دەرەوە تووشت دەهاتم و ماچم دەکردیت،
بەبێ ئەوەی ڕیسوا بم.
٢ دەمبردیت،
دەمبردیتە ماڵی دایکم،
ئەوەی منی پەروەردە کردووە.
شەرابی تێکەڵاوم دەرخوارد دەدای،
لە خۆشاوی هەنارەکەم.
٣ دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
٤ ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
سوێندتان دەدەم
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
دەستەخوشکەکان
٥ ئەو کچە کێیە لە چۆڵەوانییەوە دێت و
پاڵی بە دڵدارەکەیەوە داوە؟
ئەویندار
لەژێر دار سێوەکە بەئاگام هێنای،
لەوێ دایکت بە تۆ سک پڕ بوو،
لەوێ ئەوەی تۆی بوو سکی پێت پڕ بوو.
٦ بمکە مۆر لەسەر دڵت،
مۆر لەسەر بازووت،
چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
خۆشەویستی سووتێنەرە،
گڕی ئاگرە،
وەک ئاگرێکی بەهێزە.
٧ ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
بە بێبەها دادەنرێت.
دەستەخوشکەکان
٨ خوشکێکی بچووکمان هەیە،
هێشتا مەمکی نەهاتووە.
چی بکەین بۆ خوشکمان،
ئەو ڕۆژەی داخوازیکەری بێت؟
٩ ئەگەر شوورا بێت،
قوللەی زیوین لەسەری بنیاد دەنێین.
ئەگەر دەرگا بێت،
بە تەختەداری ئورز دەوری دەدەین.
ئەویندار
١٠ من شوورام و
مەمکەکانم وەک قوللەن،
بەم جۆرە لە چاوەکانی
پەسەندی بەدی دەکەم.
١١ سلێمان ڕەزەمێوێکی هەبوو لە بەعل‌هامۆن،
ئەم ڕەزەمێوی دایە ڕەزەوانان،
هەریەکە و لەبری بەرهەمەکەی
هەزار شاقل* زیوی دەدا.
١٢ بەڵام ڕەزەمێوەکەی خۆم بە ویستی خۆمە بیبەخشم؛
ئەی سلێمان،
هەزار شاقل بۆ تۆ بێت،
دوو سەد شاقلیش* بۆ ڕەزەوانەکان.
دڵدار
١٣ ئەی دانیشتووی ناو باخچەکان!
هاوڕێیان گوێیان لە دەنگت گرتووە،
با گوێم لێت بێت.
ئەویندار
١٤ ڕابکە،
دڵدارەکەم،
وەک ئاسک بە
یان وەک کارمامز
لەسەر ئەو چیایانەی پڕ بۆنوبەرامن.