١ بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت
لە سەردەمی گەنجیێتیت،
پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت
یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:
«خۆشییان تێدا نابینم،»
٢ پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و
ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،
پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
٣ ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،
پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،
ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،
تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
٤ کاتێک دەرگاکانی بازاڕ دادەخرێن و
دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛
ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،
هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
٥ ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و
لە ڕێگا تۆقیون،
کە بادەم چرۆ دەکات و
کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و
هیچ ئارەزوو نامێنێت.
ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و
شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
 
٦ لەبیرت بێت،
پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و
قاپی زێڕین بشکێت؛
پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،
یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
٧ خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،
ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.
 
٨ وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
«بێ واتایە!
بێ واتایان!
هەموو شتێک بێ واتایە!»
دەرئەنجامی بابەتەکە
٩ سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو،
گەلیشی فێری زانین کرد،
شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو.
١٠ وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.
١١ وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە،
وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ،
لەلایەن یەک شوانەوە* دراون.
١٢ ئەی ڕۆڵە،
سەرەڕای ئەمانە،
ئاگاداری شتەکانی دیکەش بە.
دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە،
لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.
١٣ هەموو شت ئێستا بیستراوە و
دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:
لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،
چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
١٤ خودا حوکم بەسەر هەموو کارێکدا دەدات،
بە هەموو کارێکی نهێنیشەوە،
جا چاک بێت یان خراپ.