وەرزێک بۆ هەر شتێک
١ هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە،
هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:
 
٢ لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی،
چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی،
٣ کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی،
ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی،
٤ گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی،
شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
٥ بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی،
لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
٦ کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی،
پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
٧ دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی،
بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
٨ خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی،
جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.
٩ کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟
١٠ ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن.
١١ خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت،
هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛
لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا تێبگات،
لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی.
١٢ جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا.
١٣ هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت،
ئەوە دیاری خودایە.
١٤ زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە،
هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە.
خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.
١٥ ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە،
ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە،
خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات.
١٦ هەروەها لەسەر زەوی بینیم:
خراپەکاری لە جێی دادپەروەری،
بەدکاریش لە جێگای ڕاستودروستی.
١٧ جا لە دڵی خۆمدا گوتم:
«کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش
خودا دادگایی هەردووکیان دەکات،
چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت،
بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.»
١٨ من لە دڵی خۆمدا گوتم:
«سەبارەت بە ئادەمیزاد،
خودا تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تێیانبگەیەنێت کە ئاژەڵ چۆنە ئەوانیش بەو شێوەیەن.
١٩ بێگومان چارەنووسی مرۆڤ هەروەک چارەنووسی ئاژەڵە،
چونکە مردنی ئەمیان وەک مردنی ئەویانە و یەک هەناسە بۆ هەردووکیانە،
مرۆڤ هیچی لە ئاژەڵ زیاتر نییە.
بێگومان هەرچی هەیە بێ واتایە.
٢٠ هەموو بۆ یەک شوێن دەڕۆن:
هەردووکیان لە خۆڵەوە هاتن و دەشگەڕێنەوە بۆ خۆڵ.
٢١ کێ دەزانێت:
ئایا ڕۆحی ئادەمیزاد بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت یان ڕۆحی ئاژەڵ بەرەو خوارەوە بۆ زەوی دادەبەزێت؟»
٢٢ ئیتر بینیم لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بە کارەکەی دڵخۆش بێت،
لەبەر ئەوەی ئەمە بەشی ئەوە،
چونکە کێ دەیبینێت بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە کە لەدوای ئەو چی دەبێت؟