زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
هاوارم بۆ تۆ کرد،
خێرابە بۆ لام!
گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
٢ با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت،
دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
 
٣ ئەی یەزدان،
پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم،
دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
٤ وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،
نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،
لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛
با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم.
 
٥ با پیاوچاک لێم بدات،
ئەمە خۆشەویستییە،
با سەرزەنشتم بکات،
ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،
سەرم لاری نییە،
چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
 
٦ ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،
ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
٧ وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،
ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
 
٨ بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە،
ئەی یەزدانی پەروەردگار،
پەنا دێنمە بەر تۆ،
با گیانم نەفەوتێت.
٩ بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،
لە تەڵەی بەدکاران.
١٠ با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،
لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.