١ بۆ ئێمە نا،
 ئەی یەزدان،
 بۆ ئێمە نا،
بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.
٢ بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
«کوا،
 خودایان لەکوێیە؟»
٣ خودامان لە ئاسمانە،
هەرچی حەز بکات،
 دەیکات.
٤ بتەکانیان زێڕ و زیون،
دەستکردی مرۆڤن.
٥ دەمیان هەیە،
 بەڵام قسە ناکەن،
چاویان هەیە،
 بەڵام نابینن،
٦ گوێیان هەیە،
 بەڵام نابیستن،
لووتیان هەیە،
 بەڵام بۆن ناکەن،
٧ دەستیان هەیە،
 بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
پێیان هەیە،
 بەڵام ناڕۆن،
دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
٨ دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.
٩ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
 پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
١٠ ئەی بنەماڵەی هارون،
 پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
١١ ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە،
 پشت بە یەزدان ببەستن.
ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
١٢ یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
١٣ بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
گەورە و بچووکیش.
١٤ با یەزدان هەر زیادتان بکات،
ئێوە و منداڵەکانتان.
١٥ با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
دروستکەری ئاسمان و زەوی.
١٦ ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
١٧ نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
١٨ بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
هەلیلویا!