١ هەلیلویا!
 
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.
 
٢ وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
٣ سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
٤ لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
٥ چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.
 
٦ بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
٧ لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
دڵی پتەوە،
پشتی بە یەزدان بەستووە.
٨ دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت.
٩ بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.
 
١٠ بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.