بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
١ لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
٢ کەپری لە شالیمە*،
هەواری لە سییۆنە.
٣ لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر و جەنگەکانی تێکشکاند.*
 
٤ تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
٥ قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
٦ ئەی خودای یاقوب،
بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
 
٧ تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت،
کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
٨ لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
٩ بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
١٠ بێگومان تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
 
١١ نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
١٢ ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.