بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی میسۆپۆتامیا و ئارامییەکانی چۆڤا*، هەروەها کاتێک یۆئاب* گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ* دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
١ ئەی خودایە،
ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،
تۆ تووڕە بووی،
ئێستا بمانگەڕێنەوە!
٢ تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،
شکاوییەکانی چاک بکەرەوە،
چونکە لەرزۆکە.
٣ کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،
بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
٤ بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە،
ئاڵات هەڵکرد،
بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.*
 
٥ بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
٦ خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت* دەپێوم.
٧ گلعاد هی منە،
مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا* داری دەسەڵاتی منە،
٨ مۆئاب* دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
 
٩ کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
١٠ ئەی خودایە،
مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
١١ یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
١٢ لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.