بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.
١ ئەی خودایە،
گوێ لە نوێژم بگرە،
پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
٢ گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
٣ لە بیستنی دەنگی دوژمن،
لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
 
٤ دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
٥ ترس و لەرز دایگرتووم،
تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
٦ گوتم:
«خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
٧ بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
لە چۆڵەوانی دەمامەوە.*
٨ پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
 
٩ ئەی پەروەردگار،
سەریان لێ بشێوێنە،
زمانیان تێک بئاڵێنە،
چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
١٠ شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
١١ وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
 
١٢ ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
١٣ بەڵام ئەوە تۆی!
هاوشێوەی من مرۆڤی،
هاوڕێمی،
نزیکترین برادەری منی،
١٤ کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
 
١٥ با مەرگ چەواشەیان بکات،
با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
 
١٦ بەڵام هاواری من بۆ خودایە،
یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
١٧ ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان
گلەیی دەکەم و دەناڵێنم،
ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
١٨ گیانمی بە تەواوی کڕییەوە
لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە،
چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
١٩ خودا،
ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە،
گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛
ئەوانەی ناگۆڕێن و
ترسی خودایان لە دڵدا نییە.
 
٢٠ هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی،
پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
٢١ زمانی وەک کەرە لووسە،
بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە.
قسەی لە ڕۆن نەرمترە،
بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.
 
٢٢ خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە،
ئەو پشتگیریت دەکات،
هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
٢٣ بەڵام تۆ ئەی خودایە،
فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر،
خوێنڕێژ و فێڵبازەکان،
ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.
 
بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.