بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی* ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.
١ ئەی پاڵەوان،
بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
٢ زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
خەریکی فێڵبازییە.
٣ زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.*
٤ حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
ئەی زمانی فێڵباز!
 
٥ بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
٦ ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
٧ «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
بەڵکو پشتی بە زۆریی سامانەکەی بەستبوو،
بە تێکشکاندنی کەسانی دیکە بەهێز بوو!»
 
٨ بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
٩ هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
ئومێدم بە ناوی تۆیە،
چونکە چاکە.