هۆنراوەیەکی داود.
١ خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
گوناهەکانی داپۆشراوە.
٢ خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.
 
٣ کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
ئێسقانەکانم پووکانەوە،
لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
٤ لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ،
دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.*
 
٥ ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
تاوانم ناشارمەوە.
گوتم:
«لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.
 
٦ بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
بێگومان کە لافاو هەستا،
نایگاتێ.
٧ تۆ پەناگای منیت،
لە تەنگانە دەمپارێزی و
بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.
 
٨ خودا دەفەرموێت:
«من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
٩ وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
١٠ بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»
 
١١ ئەی سەرڕاستەکان،
شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
ئەی هەموو دڵڕاستەکان،
گۆرانی بڵێن!