زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
بەبێ دوودڵی.
٢ ئەی یەزدان،
تاقیم بکەوە،
بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
مێشک و دڵم بپشکنە،
٣ چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
بە ڕاستیی تۆ ڕەفتار دەکەم.
 
٤ لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
تێکەڵی دووڕووان نابم.
٥ ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
٦ دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
ئەی یەزدان،
بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
٧ بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
 
٨ ئەی یەزدان،
ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
٩ گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆ مەکەوە،
ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
١٠ ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
١١ بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.
 
١٢ پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.