بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان،
پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!
 
٢ ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه.*
٣ بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
٤ داوای ژیانی لێکردیت،
پێت بەخشی،
ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
٥ بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە،
شکۆمەندییەکەی مەزنە،
تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
٦ بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
٧ لەبەر ئەوەی پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.
 
٨ دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
٩ کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
ئاگریش دەیانخوات.
١٠ ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
١١ هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
بیریان لە خراپە کردەوە،
سەرناکەون،
١٢ چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.
 
١٣ ئەی یەزدان،
بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.