زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی* کوڕی هەڵات.
١ ئەی یەزدان،
دوژمنانم چەند زۆرن!
چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
٢ زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
«خودا ڕزگاری ناکات.»*
 
٣ بەڵام تۆ ئەی یەزدان،
قەڵغانی منیت،
شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
٤ پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.
 
٥ ڕادەکشێم و دەخەوم،
بەئاگادێمەوە،
چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
٦ لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
ئەوانەی دەوریان گرتووم.
 
٧ ئەی یەزدان،
ڕاپەڕە!
ئەی خودای من،
ڕزگارم بکە!
بێگومان لە بناگوێی دوژمنەکانم دەدەیت و
کەڵبەی بەدکاران وردوخاش دەکەی.
 
٨ ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.