زەبوورەکان
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی ١‏–٤١
١ خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
٢ بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی* یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
٣ وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
 
٤ بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
٥ بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
 
٦ یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.