قسەی نۆیەمی ئەیوب
١ ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢ «چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!
چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
٣ چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!
چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
٤ بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و
ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟
 
٥ «تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا
لە سامناکی خودا دەلەرزن.
٦ جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،
شوێنی لەناوچوون* شاردراوە نییە.
٧ ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و
زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
٨ ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و
هەور لەژێری نادڕێت.
٩ ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،
هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
١٠ ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە
وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
١١ کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و
لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
١٢ بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و
بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ* دەوەشێنێت.
١٣ بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و
دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
١٤ بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.
هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!
ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»