وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز
١ ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:
٢ «ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟
بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
٣ لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و
دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
٤ قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و
ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
٥ بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت،
ورەت بەرداوە،
لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە،
پەرێشان بوویت.
٦ ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟
ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟
 
٧ «بەبیر خۆتی بهێنەرەوە،
بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،
یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
٨ وەک بینیوتە،
ئەوانەی خراپە دەکێڵن و
چەرمەسەری دەچێنن،
خۆیان دروێنەی دەکەن.
٩ بە هەناسەی خودا لەناودەچن و
بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
١٠ مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و
کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
١١ شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و
بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.
 
١٢ «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،
گوێم چرپەیەکی بیست.
١٣ لە مۆتەکەی* شەومدا
کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
١٤ ترس و تۆقینێک منی داگرت و
هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
١٥ ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و
مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
١٦ ڕاوەستا،
بەڵام نەمزانی چی بوو،
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،
چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
١٧ ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،
یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
١٨ ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و
گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
١٩ ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،
ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و
وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
٢٠ لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،
بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
٢١ ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،
تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“