ئەیوب
سەرەتا: ژیانی ئەیوب پێش تاقیکردنەوە
١ پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو،
کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو،
لەخواترس بوو،
خۆی لە خراپە لا دەدا.
٢ حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو.
٣ مەڕوماڵاتەکەشی،
حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو،
خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون،
ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.
٤ کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد،
سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە.
٥ کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە،
ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن،
بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد،
چونکە ئەیوب دەیگوت:
«ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.»
ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.
یەکەم تاقیکردنەوەی ئەیوب
٦ ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان* هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن،
شەیتانیش لەگەڵیان هات.
٧ جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو:
«لەکوێوە هاتیت؟»
شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
«لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
٨ یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو:
«خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟
لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو،
کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی،
لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»
٩ شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
«ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟
١٠ ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟
کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە،
جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە،
١١ بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی،
بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
١٢ جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو:
«ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە،
بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.»
ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.
١٣ ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە.
١٤ نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی:
«مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان،
١٥ سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن،
خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر،
تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٦ هێشتا ئەم قسەی دەکرد،
یەکێکی دیکە هات و گوتی:
«ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند،
تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٧ هێشتا ئەم قسەی دەکرد،
یەکێکی دیکە هات و گوتی:
«کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن،
خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر،
تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٨ هێشتا ئەم قسەی دەکرد،
یەکێکی دیکە هات و گوتی:
«کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە،
١٩ لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن،
تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
٢٠ جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد،
٢١ گوتی:
«بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و
بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ.
یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە،
ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
٢٢ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.