سزادانی هامان
١ ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن.
٢ لە ڕۆژی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە،
دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد:
«ئەی شاژن،
چیت دەوێت؟
پێت دەدرێت.
داواکارییەکەت چییە؟
تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت،
پێت دەدرێت.»
٣ شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی:
«ئەی پاشا،
ئەگەر لێم ڕازی بیت،
پاشا پێی خۆش بێت،
ژیانم ڕزگار بکە.
ئەوە بابەتەکەمە.
نەتەوەکەم ڕزگار بکە.
ئەمە داواکارییەکەمە،
٤ چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین.
ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد،
چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
٥ ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی:
«ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟
چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
٦ ئەستێر گوتی:
«ئەوە ناحەزەکەمانە،
دوژمنمانە،
هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی.
٧ پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت.
هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە،
چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
٨ لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە،
هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.
پاشا گوتی:
«ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات،
لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»
هەرکە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو،
دەم و چاوی هامانیان داپۆشی.
٩ ئینجا حەرڤۆنا،
کە یەکێک بوو لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد،
گوتی:
«لە ماڵی هامان دارێک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە*،
هامان بۆ مۆردەخای ئامادە کردووە،
کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی:
«هامان لەو دارە بدەن!»
١٠ بەو شێوەیە هامانیان لەو دارە دا کە بۆ مۆردەخای ئامادە کردبوو.
پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.