سەرکەوتن دوای گەڕانەوە بۆ لای یەزدان
١ «کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت،
یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات،
ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە،
٢ وە کاتێک خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن،
بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،
٣ ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە* و بەزەیی پێتاندا دێتەوە،
دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە.
٤ ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە،
ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و
٥ یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون،
جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات.
٦ یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات،
تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.
٧ هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە،
٨ بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.
٩ ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات،
لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک،
چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات،
وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو،
١٠ ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون،
فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون،
ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.
دانانی ژیان و مردن
١١ «ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،
لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە.
١٢ لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن:
”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
١٣ هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن:
”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
١٤ بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە،
لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە،
هەتا کاری پێ بکەن.
١٥ «بڕوانن،
من ئەمڕۆ ژیان و چاکە،
مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان،
١٦ لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن،
بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن،
بەرەکەتدارتان بکات.
١٧ «بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت،
بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن،
١٨ ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن،
تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
١٩ «من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت،
کە من ژیان و مردن،
بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە،
جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین،
٢٠ هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن.
لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»