یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان
١ کاتێک هاتنە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات پێتانی دەدات و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون،
٢ ئەوا هەرکەسێک یەکەمین بەرهەمی هەموو بەروبوومی زەوییەکە کە دەستی دەکەوێت لە خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات دەیکاتە ناو سەبەتەیەک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
٣ ئینجا دێتە لای ئەو کاهینەی کە لەو کاتەدایە و پێی دەڵێت:
«ئەمڕۆ بە یەزدانی پەروەردگارت ڕادەگەیەنم کە من چوومە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد کە پێمانی بدات.»
٤ جا کاهینەکەش سەبەتەکە لە دەستی وەردەگرێت و لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت،
٥ ئینجا کەسەکە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارتان ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت:
«باوکم ئارامییەکی گەڕۆک بوو،
چوو بۆ میسر و لەوێ ئاوارە بوو،
چەند کەسێکی کەم بوون،
جا لەوێ بوو بە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و زۆر.
٦ ئینجا میسرییەکان خراپەیان دەرهەق کردین و ئازاریان داین و کۆیلایەتییەکی سەختیان بەسەرماندا سەپاند.
٧ ئیتر کاتێک هاوارمان بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کرد،
یەزدان گوێی لە دەنگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چەوساندنەوەی ئێمەی بینی.
٨ جا یەزدان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و ترسی مەزن و نیشانە و پەرجووەوە لە میسر دەریهێناین،
٩ ئێمەی هێنایە ناو ئەم شوێنە و ئەم خاکەی پێداین،
خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
١٠ ئێستاش ئەی یەزدان،
ئەوەتا یەکەمین بەرهەمی ئەو زەوییەم هێناوە کە تۆ بە منت داوە.»
ئینجا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان کڕنۆش دەبات و
١١ بە هەموو ئەو خێروبێرە دڵخۆش دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە خۆتان و ماڵەکەتانی داوە،
ئێوە و لێڤییەکان و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان.
١٢ کاتێک لە دەرهێنانی دەیەکی هەموو داهاتەکەتان تەواو بوون لە ساڵی سێیەم کە ساڵی دەیەکە،
داتانە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنان،
لە شارۆچکەکانتاندا خواردیان و تێر بوون،
١٣ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەڵێن:
«بەشی تەرخانکراوی خودام لە ماڵەکەم دەرهێنا و هەروەها بە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنم دا،
بەگوێرەی هەموو فەرمانەکەت کە فەرمانت پێکردم،
لە فەرمانەکانت دەرنەچووم و لە یادم نەکرد.
١٤ لە ماتەمداریمدا لە بەشە تەرخانکراوەکەم نەخوارد و لە گڵاویمدا لێم نەبرد و هیچم لێی نەداوە بۆ مردوو،
بەڵکو گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارم بووم و بەگوێرەی هەموو ئەوەم کرد کە فەرمانت پێکردم.
١٥ لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە،
لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە،
وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد،
خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»
فەرمانی یەزدان بپارێزن
١٦ ئەمڕۆ یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن کە کار بەم فەرز و یاسایانە بکەن،
جا پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بەجێی بهێنن و پەیڕەوی بکەن،
١٧ ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند بۆ یەزدان کە ببێت بە خوداتان و ڕێگاکانی ئەو بگرنەبەر و فەرز و فەرمانەکان و یاساکانی بەجێبهێنن و گوێڕایەڵی دەنگی ببن،
١٨ یەزدانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند،
کە ئێوە گەلی ئەون،
گەنجینەیەکی تایبەتی ئەو،
وەک بەڵێنی پێدان و هەموو فەرمانەکانی بپارێزن.
١٩ لە سەرووی هەموو ئەو نەتەوانەی دروستی کردوون داتان دەنێت،
لە ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا،
ببنە گەلێکی پیرۆز بۆ یەزدانی پەروەردگارتان وەک بەڵێنی دا.