دەرکردنی نەتەوەکان
١ کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنایە ئەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن و گەلانی زۆری لەبەردەمتان دەرکرد،
حیتی و گرگاشی و ئەمۆری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان،
حەوت گەلی لە خۆتان مەزنتر و بەهێزتر،
٢ کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی دایە دەستتان و ئێوەش لێتان دان،
دەبێت بە تەواوی قڕیان بکەن*،
پەیمانیان لەگەڵ مەبەستن و بەزەییتان پێیاندا نەیەتەوە.
٣ ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن،
کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن،
٤ چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن،
جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات.
٥ بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن،
قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان* بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان* ببڕنەوە و بتەکانیان بە ئاگر بسووتێنن،
٦ چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
لەنێو هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هەڵبژارد تاکو بۆی ببن بە گەلی ئەو،
ببنە گەنجینەیەکی تایبەت.
٧ یەزدان دڵی پێتانەوە بەند بوو و هەڵیبژاردن،
نەک لەبەر ئەوەی لە هەموو گەلان زۆرترن،
چونکە لە ڕاستیدا ئێوە لە هەموو گەلان کەمترن.
٨ بەڵام لە خۆشەویستی یەزدان بوو بۆتان و پاراستنی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئێوەی خوارد،
یەزدان بە دەستێکی بەهێز دەریهێنان و ئێوەی لە خاکی کۆیلایەتی کڕییەوە،
لە دەستی فیرعەونی پاشای میسر.
٩ جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە،
خودای وەفادارییە،
ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر،
بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن.
١٠ بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات،
ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.
١١ جا فەرمان و فەرز و یاساکان بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.
١٢ ئەگەر ئێوە گوێ لەو یاسایانە بگرن و بیپارێزن و جێبەجێ بکەن،
ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان پەیمانی خۆشەویستییەکەی بۆ ئێوە دەباتەسەر،
وەک چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد.
١٣ ئێوەی خۆشدەوێت،
بەرەکەتدارتان دەکات و زۆرتان دەکات و بەروبوومی سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان،
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان،
بەروبوومی گوێرەکەی گاگەلەکەتان و مەڕ و بزنەکانتان بەرەکەتدار دەکات لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد کە بە ئێوەی دەدات.
١٤ ئێوە بەرەکەتدار دەبن لە سەرووی هەموو گەلان،
وەجاخکوێر و نەزۆک نە لە ئێوە و نە لەناو ئاژەڵە ماڵییەکانتاندا نابێت،
١٥ یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان،
بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان،
١٦ هەموو ئەو گەلانەش لەناودەبەن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەستتان،
بەزەییتان پێیان نایەتەوە و خوداوەندەکەیان ناپەرستن،
چونکە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێوە.
١٧ ئەگەر لە دڵی خۆتاندا گوتتان،
«ئەو گەلانە لە ئێمە بەهێزترن،
چۆن دەتوانین دەریانبکەین؟»
١٨ لێیان مەترسن،
ئەوەتان بەبیر بێتەوە یەزدانی پەروەردگارتان چی بە فیرعەون و بە هەموو میسرییەکان کرد،
١٩ ئەو ئەزموونە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و ئەو نیشانە و پەرجووانە،
هەروەها ئەو دەستە پۆڵایین و بازووە بەهێزەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی پێ دەرهێنا.
یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکات کە ئێوە لێیان دەترسن.
٢٠ هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان زەردەواڵە دەنێرێتە سەر ئەو گەلانە تاوەکو تەنانەت ئەو بەجێماوانەش لەناو ببات کە خۆیان لە ئێوە شاردووەتەوە.
٢١ لێیان مەترسن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتانە و خودایەکی مەزن و سامناکە.
٢٢ یەزدانی پەروەردگارتان کەمە کەمە ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات،
ناتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن نەوەک دڕندەی کێویتان بەسەرەوە زۆر بێت.
٢٣ بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەست و سەرلێشێوانێکی مەزنیان دەکەوێتە ناو،
هەتا لەناودەچن.
٢٤ پاشاکانیشیان دەخاتە ناو دەستتان،
جا لەژێر ئاسمان ناویان دەسڕنەوە،
کەس نابێت بتوانێت لە دژتان بوەستێت هەتا لەناویان دەبەن.
٢٥ وێنەی خوداوەندەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن،
چاو مەبڕنە ئەو زێڕ و زیوەی کە لەسەریانە هەتا بۆ خۆتانی ببەن،
نەوەک پێی بکەونە داوەوە،
چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە.
٢٦ هیچ قێزەونێکیش مەهێننە ناو ماڵەکانتانەوە نەوەک ئێوەش وەک ئەو بۆ قڕکردن تەرخان بکرێن،
بەڵکو وەکو شتێکی قێزەون تەماشای بکەن و ڕقتان لێ ببێتەوە،
چونکە بۆ قڕکردن تەرخان کراوە*.