پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون
١ هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
٢ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:
”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو،
ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو* دەبێت،
هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت.
٣ لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت،
٤ ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە،
بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت،
هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت.
٥ ئەگەر کچی بوو،
ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت،
هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت،
ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە،
هەتا لە زەیستانییەکەی* پاک ببێتەوە.
٦ «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی* تەواو بوو،
ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ،
ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه* دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە.
٧ ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات،
ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.
*
«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت.
٨ بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت،
ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر،
یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه،
بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»