چوونی یاقوب بۆ میسر
١ ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد،
 هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.
٢ خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو:
 «یاقوب!
 یاقوب!»
ئەویش گوتی:
 «ئەوەتام.»
٣ فەرمووی:
 «من خودام،
 خودای باوکتم.
 مەترسە لە چوونت بۆ میسر،
 چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 
 ٤ من لەگەڵ تۆ دێمە میسر،
 بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە.
 یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»
٥ ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت،
 کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. 
 ٦ هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی،
 لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو،
 هەڵگرت و هاتنە میسر. 
 ٧ کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی،
 هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.
٨ ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر،
 واتا یاقوب و نەوەکانی:
ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.
٩ کوڕەکانی ڕەئوبێن:
حەنۆک،
 پەڵو،
 حەسرۆن و کەرمی.
١٠ کوڕەکانی شیمۆن:
یەموئێل،
 یامین،
 ئۆهەد،
 یاکین و چۆحەر،
 هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.
١١ کوڕەکانی لێڤی:
گێرشۆن،
 قەهات و مەراری.
١٢ کوڕەکانی یەهودا:
ئێر،
 ئۆنان،
 شالەح،
 پێرێز و زەرەح،
 بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن.
کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون:
حەسرۆن و حامول.
١٣ کوڕەکانی یەساخار:
تۆلاع،
 پوڤە،
 یاشوڤ و شیمرۆن.
١٤ کوڕەکانی زەبولون:
سەرەد،
 ئێلۆن و یەحلئێل.
١٥ ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام،
 لەگەڵ دینەی کچیشی.
 هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.
١٦ کوڕەکانی گاد:
چیفۆن،
 حەگی،
 شونی،
 ئەچبۆن،
 عێری،
 ئەرۆدی و ئەرئێلی.
١٧ کوڕەکانی ئاشێر:
یمنە،
 یەشڤە،
 یەشڤی و بەریعە
لەگەڵ سەرەحی خوشکیان.
کوڕەکانی بەریعە:
حەڤەر و مەلکیێل.
١٨ ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی.
 ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.
١٩ دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب:
یوسف و بنیامین.
٢٠ لە خاکی میسریش،
 مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن.
٢١ کوڕەکانی بنیامین:
بەلەع،
 بەکەر،
 ئەشبێل،
 گێرا،
 نەعمان،
 ئێحی،
 ڕۆش،
 موپیم،
 حوپیم و ئەرد.
٢٢ ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون.
 هەموویان چواردە کەس بوون.
٢٣ کوڕەکەی دان:
حوشیم.
٢٤ کوڕەکانی نەفتالی:
یەحزئێل،
 گۆنی،
 یێچەر و شلێم.
٢٥ ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی.
 ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو.
 هەموویان حەوت کەس بوون.
٢٦ هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون،
 جگە لە ژنانی کوڕەکانی،
 شەست و شەش کەس بوون. 
 ٢٧ بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون،
 سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر،
 حەفتا* کەس بوون.
٢٨ یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات.
 ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. 
 ٢٩ یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی.
 کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.
٣٠ ئیسرائیل بە یوسفی گوت:
 «ئێستا با بمرم،
 لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»
٣١ ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت:
 «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم،
 پێی دەڵێم:
 ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون،
 هاتنە لام. 
 ٣٢ پیاوەکانیش شوانی مەڕن،
 چونکە خاوەن ماڵاتن،
 جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ 
 ٣٣ ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی:
 ”کارتان چییە؟“ 
 ٣٤ دەڵێن:
 ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن،
 لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا،
 خۆمان و باوباپیرانمان،“
 بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن،
 چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»