ئیسحاق و ئەبیمەلەخ
١ ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا،
قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا.
ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار.
٢ یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی:
«مەچووە میسر،
بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم.
٣ بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە،
خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم،
چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت،
ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە.
٤ نەوەشت زۆر دەکەم،
وەک ئەستێرەکانی ئاسمان،
هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت،
لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.
٥ لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو،
داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»
٦ ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو.
٧ پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد،
ئەویش گوتی:
«ئەو خوشکمە.»
ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،»
چونکە گوتی،
«نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن،
چونکە جوانە.»
٨ کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە،
ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد،
بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە.
٩ ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی:
«کەواتە ئەو ژنتە!
ئەی چۆن گوتت:
”ئەو خوشکمە“؟»
ئیسحاقیش پێی گوت:
«چونکە پێم وابوو کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»
١٠ ئەبیمەلەخیش گوتی:
«ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟
لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت سەرجێیی بکردبا،
ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»
١١ ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی:
«هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»
١٢ ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد و هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت،
چونکە یەزدان بەرەکەتداری کرد.
١٣ ئیتر ئیسحاق دەوڵەمەند بوو،
بەردەوام سامانەکەی زیادی دەکرد،
هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو.
١٤ ئینجا بەهۆی ئەوەی کە بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش،
فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد.
١٥ هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو،
فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.
١٦ ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت:
«لەلای ئێمە بڕۆ،
چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»
١٧ ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا و لەوێ نیشتەجێ بوو.
١٨ ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو،
هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.
١٩ خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە.
٢٠ بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان:
«ئاوەکە هی ئێمەیە.»
ئیتر بیرەکەی ناو نا عێسەق*،
چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی.
٢١ ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند،
بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان،
لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا.*
٢٢ ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند،
کە ناکۆک نەبوون لەسەری.
بۆیە ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت* و گوتی:
«ئێستا یەزدان شوێنێکی فراوانی پێ بەخشیوین و لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»
٢٣ ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو.
٢٤ جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی:
«من خودای ئیبراهیمی باوکتم.
مەترسە،
چونکە لەگەڵتم.
لەبەر ئیبراهیمی بەندەم،
بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم.»
٢٥ ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا،
بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
لەوێ چادرەکەی هەڵدا،
خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.
٢٦ هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای.
٢٧ ئیسحاقیش لێی پرسین:
«بۆچی هاتوون بۆ لام،
لە کاتێکدا ڕقتان لێم بوو و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»
٢٨ ئەوانیش گوتیان:
«ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو،
ئیتر گوتمان:
”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“
لەنێوان ئێمە و تۆ.
با پەیمانت لەگەڵ ببەستین،
٢٩ کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت،
وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد و لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت و بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت.
ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»
٣٠ ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن،
ئیتر خواردیان و خواردیانەوە.
٣١ بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد.
ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن،
ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.
٣٢ ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند و گوتیان:
«ئاومان دۆزییەوە.»
٣٣ ئەویش ناوی لێنا شیبعا،
لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.
٣٤ کاتێک عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ،
یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی هێنا.
٣٥ ئەوان ببوونە مایەی خەم و خەفەتی ئیسحاق و ڕڤقە.