لە ئادەمەوە هەتا نوح
١ ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە.
 
ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا،
لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد.
٢ بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن.
ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».
 
٣ کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو،
کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو،
ناوی لێنا شیت.
٤ دوای لەدایکبوونی شیت،
ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٥ هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
٦ کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو،
ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
٧ دوای لەدایکبوونی ئەنۆش،
شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٨ هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
٩ کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو،
قێنان لەدایکبوو.
١٠ دوای لەدایکبوونی قێنان،
ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١١ هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
١٢ کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو،
مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
١٣ دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل،
قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٤ هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
١٥ کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو،
یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
١٦ دوای لەدایکبوونی یارەد،
مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٧ هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
١٨ کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو،
حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
١٩ دوای لەدایکبوونی حەنۆخ،
یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٠ هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
٢١ کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو،
مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
٢٢ دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو،
سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد،
هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٣ ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو.
٢٤ حەنۆخ دۆستی خودا بوو،
ئیتر کەس نەیبینییەوە،
چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی.
٢٥ کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو،
لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
٢٦ دوای لەدایکبوونی لامەخ،
مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٧ هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
٢٨ کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو،
کوڕێکی بوو.
٢٩ ناوی لێنا نوح* و گوتی:
«ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات،
کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.»
٣٠ دوای لەدایکبوونی نوح،
لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٣١ هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو،
ئیتر مرد.
٣٢ دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو،
سام* و حام و یافەتی بوو.