نامە بۆ عیبرانییەکان
پایەبەرزی عیسای مەسیح
١ لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە،
٢ بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا،
ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە.
٣ کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی*،
هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی،
لەدوای ئەوەی هەموو گوناهەکانی پاک کردەوە، لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت.
٤ بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو،
بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.
٥ ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت﴾*؟
هەروەها:
﴿من دەبمە باوکی ئەو و
ئەویش دەبێتە کوڕی من﴾*؟
٦ دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە،
دەفەرموێت:
﴿با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.﴾*
٧ لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:
﴿خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،
خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.﴾*
٨ بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت:
﴿ئەی خودایە،
تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە.
٩ تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە،
بۆیە خودا،
خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی* کردیت.﴾*
١٠ هەروەها:
﴿تۆ یەزدان،
لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
١١ ئەوان لەناودەچن،
بەڵام تۆ دەمێنیت،
هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
١٢ وەک کەوا دەیپێچیتەوە،
وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،
بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،
ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.﴾*
١٣ ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:
﴿لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ* بۆ پێیەکانت﴾*؟
١٤ ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟