حوکمدانی داوێنپیس
١ لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە،
جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە:
پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت!*
٢ ئێوەش لووتبەرزن!
باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟
٣ هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم،
بەڵام بە ڕۆح ئامادەم.
وا ئەو کەسەم حوکم داوە کە ئەمەی کردووە،
وەک ئەوەی لەوێ ئامادەبووبم:
٤ بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ،
ئێوە و ڕۆحی من لەگەڵ هێزی مەسیح کۆدەبنەوە،
٥ ئەم کەسە دەبێت بدرێتە دەست شەیتان* تاکو سروشتی دنیایی بفەوتێنێت،
بۆ ئەوەی ڕۆحەکەی لە ڕۆژی یەزداندا ڕزگاری بێت.
٦ شانازیکردنتان باش نییە.
ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟
٧ خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە،
تاکو ببنە هەویرێکی نوێ،
چونکە ئێوە بەڕاستی فەتیرەن.
لەبەر ئەوەی مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا.
٨ کەواتە با جەژن بگێڕین،
نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە،
بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.
٩ من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن،
١٠ مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە،
ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە.
١١ بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە.
نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.