سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
١ فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە.
٢ بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن،
واتا بێ دەست شوشتن،
٣ چونکە فەریسی و هەموو جولەکەکان نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن،
لەبەر ئەوەی پەیوەست بوون بە نەریتی پیرانەوە،
٤ هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن.
زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن،
وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.
٥ فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە عیسایان پرسی:
«بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»
٦ ئەویش پێی فەرموون:
«ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە،
وەک نووسراوە:
«﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن،
بەڵام دڵیان لێم دوورە.
٧ بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾*
٨ ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»
٩ دیسان پێی فەرموون:
«باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە،
بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن.
١٠ ئەوەتا موسا گوتوویەتی:
﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾*،
﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات،
دەبێت بکوژرێت.﴾*
١١ بەڵام ئێوە دەڵێن:
”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت:
ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت،
دەیکەمە قوربانی،“
کە دیارییە بۆ خودا،
١٢ ئیتر نایەڵن هیچ شتێک بۆ دایک یان باوکی بکات.
١٣ بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن،
دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە.
زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»
ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات
١٤ دیسان عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون:
«هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن.
١٥ شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات.
بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە،
ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.
١٦ ﴿ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.﴾»
١٧ کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە،
قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد.
١٨ پێی فەرموون:
«ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟
ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟
١٩ چونکە ناچێتە دڵییەوە،
بەڵکو سکی،
پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی.»
بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.
٢٠ ئینجا فەرمووی:
«ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت،
ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات،
٢١ چونکە لە ناوەوە،
لە دڵی مرۆڤەوە،
بیری خراپ دەردەچێت:
بەدڕەوشتی،
دزی،
کوشتن،
٢٢ داوێنپیسی،
چاوچنۆکی،
خراپەکاری،
هەڵخەڵەتاندن،
بەڕەڵایی،
چاوپیسی،
کفر،
لووتبەرزی،
گێلی.
٢٣ هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»
باوەڕی ژنێکی کەنعانی
٢٤ عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور.
چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت،
بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە.
٢٥ لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو،
کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت.
٢٦ ژنەکەش یۆنانی بوو،
لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو،
داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.
٢٧ ئەویش پێی فەرموو:
«جارێ با منداڵان تێر بن،
چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»
٢٨ بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە:
«گەورەم!
سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»
٢٩ پێی فەرموو:
«لەبەر ئەم قسەیە،
بڕۆ،
ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»
٣٠ کاتێک ژنەکە گەڕایەوە ماڵەوە،
بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکەی لێ دەرچووبوو.
چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک
٣١ ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدادا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات،
بە هەرێمی دە شارەکەدا.
٣٢ کەڕێکی لاڵەپەتەیان بۆ هێنا و لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.
٣٣ عیسا بردییە لایەکەوە،
دوور لە خەڵکەکە،
پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی دا بە دەستی خۆی و پاشان دەستی لە زمانی دا.
٣٤ چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و پێی فەرموو:
«ئێففەسا!»
واتا بکرێوە.
٣٥ دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.