حەزرەتی یەحیا
١ هەر لەو ڕۆژانەدا،
 یەحیای لەئاوهەڵکێش* لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 
 ٢ دەیگوت:
 «تۆبە بکەن،
 چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 
 ٣ یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾*
٤ جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو،
 پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست،
 خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 
 ٥ ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 
 ٦ دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
٧ کە بینی زۆر لە فەریسی* و سەدوقییەکان* بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی* دێن،
 پێی گوتن:
 «ئەی بێچووە ماران،
 کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 
 ٨ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 
 ٩ پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن:
 ”ئیبراهیم باوکمانە.“
 پێتان دەڵێم،
 خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 
 ١٠ ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار،
 هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات،
 دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
١١ «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم،
 بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت،
 لە من بەتواناترە،
 شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم.
 ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت*. 
 ١٢ شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی*،
 گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش* بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
١٣ ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون،
 تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 
 ١٤ بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت:
 «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم،
 کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
١٥ عیساش وەڵامی دایەوە:
 «لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت،
 چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک* بێتە دی.»
 ئینجا ڕێی دا.