حوکمدانی تەواو و خۆشەویستی نەگۆڕ
١ لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا،
لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات.
٢ خەڵکی بێتئێل شەرئەچەر و ڕەگەممەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە،
٣ بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن:
«ئایا لە مانگی پێنجدا شیوەن بگێڕین و بە ڕۆژوو ببین،
هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»
٤ ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات:
٥ «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ:
”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا،
لە مانگی پێنج و مانگی حەوت،
لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو،
ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟
٦ ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە،
ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟
٧ ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند،
لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو،
شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی* یەهودا ئاوەدان بوون؟“»
٨ ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات:
٩ «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن،
لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن.
١٠ بێوەژن و هەتیو،
نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە،
لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“
١١ «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن،
شانی یاخبوونیان دایەبەر،
خۆیان کەڕ کرد.
١٢ دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی.
ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.