١ کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت،
باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە،
٢ چەقۆیەکیش لەناو گەرووت دابنێ،
ئەگەر تۆ نەوسنی.
٣ ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە،
چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.
٤ خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت،
بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.
٥ چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە،
چونکە بێگومان باڵ دەگرێت،
وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.
٦ نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ،
ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.
٧ لەبەر ئەوەی جۆرە کەسێکە
هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە،
پێت دەڵێت:
«بخۆ و بنۆشە.»
بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.
٨ ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و
قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.
٩ قسە بۆ گێل مەکە،
چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.
١٠ سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە،
هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،
١١ چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە،
ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.
١٢ دڵت ئاراستەی فێربوون بکە و
گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.
١٣ ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە،
ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.
١٤ تۆ بە گۆچان لێی بدەیت،
گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.
١٥ ڕۆڵە،
ئەگەر دڵت دانایە،
منیش دڵم خۆش دەبێت.
١٦ ناخم شادمان دەبێت،
کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.
١٧ دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات،
بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.
١٨ بێگومان دواڕۆژت دەبێت،
ئومێدی تۆ نابڕێت.
١٩ ڕۆڵە،
تۆ گوێ بگرە و دانا بە،
دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.
٢٠ لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە،
یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،
٢١ چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن،
ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.
٢٢ گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە،
دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.
٢٣ ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە،
هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.
٢٤ باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت،
ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.
٢٥ با دایک و باوکت شادمان بن،
ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.
٢٦ ڕۆڵە،
دڵی خۆتم بدەرێ،
با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،
٢٧ چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و
ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.
٢٨ تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت،
ناپاک* لەنێو خەڵک زۆر دەکات.
٢٩ واوەیلا بۆ کێیە؟
پەژارەیی بۆ کێیە؟
ناکۆکی بۆ کێیە؟
سکاڵاکردن بۆ کێیە؟
برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟
چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟
٣٠ بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن،
ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.
٣١ تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری،
کە لەناو جام پڕشنگی داوە،
بە سووکی دەچێتە خوارەوە!
٣٢ لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و
وەک توولەمار پێتەوەدەدات.
٣٣ چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و
وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.
٣٤ وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت،
یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.
٣٥ دەڵێی:
«لێیان دام،
ئازارم نەبوو!
کوتامیان،
نەمزانی!
کەی بە هۆش خۆم دێمەوە،
هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»