جەژنی پەسخە
١ مانگی ئاڤیڤ بپارێزن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن،
چونکە لە مانگی ئاڤیڤدا یەزدانی پەروەردگارتان بە شەو لە میسر دەریهێنان.
٢ جا لە جەژنی پەسخە مانگا و مەڕ بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەردەبڕن،
لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت.
٣ هیچ نانێکی بە هەویرترشی* لەگەڵ نەخۆن،
حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن،
نانی تەنگانە،
چونکە بە پەلە لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە،
هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانتان،
ڕۆژی هاتنەدەرەوەتان لە خاکی میسر لە یاد بێت.
٤ لە هەموو سنوورەکانتان نابێت هەویرترش ببینرێت بۆ حەوت ڕۆژ و نابێت هیچ لەو گۆشتەی ئێوارە کە ڕۆژی یەکەم سەری دەبڕن بۆ بەیانی بمێنێتەوە.
٥ بۆتان نییە قوربانی جەژنی پەسخە لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان سەرببڕن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ،
٦ بەڵکو لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت،
لەوێ قوربانی پەسخە سەردەبڕن لە ئێوارە،
دەمەو خۆر ئاوابوون،
لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانەی هاتنەدەرەوەتان لە میسر.
٧ لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت،
لێی دەنێن و دەیخۆن و ئینجا بۆ بەیانی دەگەڕێنەوە چادرەکانتان.
٨ شەش ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و ڕۆژی حەوتەمیش ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان،
هیچ کارێکی تێدا ناکەن.
جەژنی هەفتەکان
٩ حەوت هەفتە دەژمێرن بۆ خۆتان،
لە دەستپێکردنی دروێنەی دەغڵ دەستپێدەکەن.
١٠ جەژنی هەفتەکان* بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەگێڕن،
بەگوێرەی ئەوەی لە دەستتان دێتەدەر بەخشینێکی ئازاد دەبەخشن،
وەک ئەوەندەی یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون.
١١ جا خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان،
هەروەها ئەو لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکانتانن و ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لەنێوتانن لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن،
لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت.
١٢ لە یادتان بێت ئێوەش لە میسر کۆیلە بوون،
بۆیە ئەو فەرزانە بەجێدەهێنن و پەیڕەویان دەکەن.
جەژنی کەپرەشینە
١٣ حەوت ڕۆژان جەژنی کەپرەشینە بۆ خۆتان دەکەن،
کاتێک بەرهەم لە جۆخین و گوشەرەکەتان* کۆدەکەنەوە.
١٤ جا بە جەژنەکەتان خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان،
هەروەها ئەو لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی لە شارۆچکەکانتاندان دڵخۆش دەبن.
١٥ حەوت ڕۆژان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان جەژن دەگێڕن لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت،
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو بەروبوومێک و لە هەموو کردارێکی دەستتان،
جا بێگومان دڵخۆش دەبن.
١٦ سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە دەبن،
لەو شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت:
لە جەژنی فەتیرە و جەژنی هەفتەکان و جەژنی کەپرەشینە.
نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەم یەزدان ئامادە بن،
١٧ بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت،
هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.
دادوەران
١٨ دادوەران و کوێخاکان بۆ خۆتان دادەنێن لە هەموو شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات بەگوێرەی هۆزەکانتان،
جا ئەوانیش دادوەرییەکی ڕاستودروست بۆ گەل دەکەن.
١٩ دادوەری خوار مەکەنەوە و لایەنگری کەس مەکەن و بەرتیل وەرمەگرن،
چونکە بەرتیل چاوی داناکان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.
٢٠ دادوەری پەیڕەو دەکەن و تەنها دادوەری،
هەتا بژین و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات.
پەرستنی خودایەکی دیکە