شێوە گۆڕانی عیسا
١ ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێتەوە.»
٢ دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا. ٣ جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. ٤ ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
٥ پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ٦ نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. ٧ هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»
٨ کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.
٩ کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. ١٠ ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»
١١ پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»
١٢ عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ ١٣ بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»
دەرکردنی ڕۆحی پیس
١٤ کاتێک گەیشتنە لای قوتابییەکان، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. ١٥ کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد و سڵاویان لێکرد.
١٦ عیسا لێی پرسین: «لەبارەی چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»
١٧ یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. ١٨ لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
١٩ عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»
٢٠ ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.
٢١ عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»
گوتی: «لە منداڵییەوە. ٢٢ زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر و ناو ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»
٢٣ عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»
٢٤ یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»
٢٥ عیسا کە بینی خەڵکەکە ڕاکەڕاکەیانە، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»
٢٦ ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» ٢٧ بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.
٢٨ عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
٢٩ پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»
دووەم باسی مردنی عیسا
٣٠ لەوێ ڕۆیشتن و بە جەلیلدا تێپەڕین، عیساش نەیویست کەس بزانێت، ٣١ چونکە قوتابییەکانی فێردەکرد و پێی دەفەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و دەیکوژن، دوای کوشتنی بە سێ ڕۆژ هەڵدەستێتەوە.» ٣٢ بەڵام ئەوان لە قسەکە تێنەگەیشتن و ترسان لێی بپرسن.
کێ پایەبەرزترە؟
٣٣ ئینجا هاتنە کەفەرناحوم. کە گەیشتە ماڵەوە، لێی پرسین: «لە ڕێگا گفتوگۆی چیتان دەکرد؟» ٣٤ بەڵام ئەوان بێدەنگ بوون، چونکە لە ڕێگا مشتومڕیان لەگەڵ یەکتر کرد کە کامیان پایەبەرزترە.
٣٥ عیسا دانیشت و دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی یەکەم بێت، با لەدوای هەمووان و خزمەتکاری هەمووان بێت.»
٣٦ ئینجا منداڵێکی هێنا و لەناوەڕاستیاندا ڕایگرت، گرتییە باوەشی و پێی فەرموون: ٣٧ «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لە یەکێک لەم منداڵانە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازیم لێ بکات، پێشوازی لە من ناکات، بەڵکو لەوەی ناردوومی.»
ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە
٣٨ یۆحەنا پێی گوت: «مامۆستا، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ئێمەش ڕێمان لێ گرت، چونکە دوامان ناکەوێت.»
٣٩ عیسا فەرمووی: «ڕێی لێ مەگرن، کەس نییە بە ناوی منەوە پەرجوو بکات و بتوانێت لەدوای ماوەیەکی کورت بە خراپە باسم بکات، ٤٠ چونکە ئەوەی دژمان نییە لەگەڵمانە. ٤١ ئەوەی بە ناوی منەوە جامێک ئاوی پێدان، لەبەر ئەوەی هی مەسیحن، ڕاستیتان پێ دەڵێم پاداشتی ون نابێت.
کۆسپ دروستکردن
٤٢ «ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە. ٤٣ ئەگەر دەستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ دەست بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو دەستت هەبێت و بچیتە دۆزەخ، ناو ئاگرێک کە کوژانەوەی بۆ نییە. ⌟ ٤٤ لەوێ کرمەکانیان نامرێت و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ ٤٥ ئەگەر پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە. بۆ تۆ باشترە بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی دوو پێت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ. ⌟ ٤٦ لەوێ کرمەکانیان نامرن و ئاگرەکە ناکوژێتەوە.⌞ ٤٧ ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە. بۆ تۆ باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو شانشینی خوداوە لەوەی دوو چاوت هەبێت و فڕێبدرێیتە ناو دۆزەخ.
٤٨ «[لەوێ کرمەکانیان نامرن و
ئاگرەکە ناکوژێتەوە.]*
٤٩ هەموو کەسێک بە ئاگر سوێر دەکرێت.
٥٠ «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێری دەکەنەوە؟ با خوێتان تێدابێت و لەگەڵ یەکتری لە ئاشتیدا بن.»