پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا
١ عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە،
هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن.
٢ عیسا پێی فەرموون:
«هەموو ئەمانە دەبینن؟
ڕاستیتان پێ دەڵێم:
لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»
نیشانەکانی کۆتایی زەمان
٣ کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو،
قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان:
«پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟
هەروەها نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»
٤ عیسا وەڵامی دایەوە:
«ئاگاداربن،
کەس چەواشەتان نەکات،
٥ چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحەکەم،“
زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.
٦ جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن،
وریابن مەتۆقن،
چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات،
بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.
٧ نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین،
قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت.
٨ بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.
٩ «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن،
هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە.
١٠ ئەو کاتە زۆر کەس واز لە باوەڕەکەیان دەهێنن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە.
١١ زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون،
زۆر کەس چەواشە دەکەن.
١٢ لەبەر زۆربوونی خراپە،
خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە.
١٣ بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت،
ڕزگاری دەبێت.
١٤ ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت،
وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان،
ئینجا کۆتاییەکە دێت.
گەورەترین تەنگانە
١٥ «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾* لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە،
ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە (با خوێنەر تێبگات)،
١٦ ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،
١٧ ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات.
١٨ هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.
١٩ لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!
٢٠ نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت،
٢١ چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
٢٢ «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کەم نەکرابوونایەوە،
کەس ڕزگاری نەدەبوو.
بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون،
ئەو ڕۆژانە کەم دەکرێنەوە.
٢٣ ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن:
”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“
یان:
”ئەوەتا لەوێیە!“
باوەڕ مەکەن،
٢٤ چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن* و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون،
نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن،
بە شێوەیەک ئەگەر بکرێت تەنانەت هەڵبژێردراوانیش چەواشە دەکەن.
٢٥ ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.
٢٦ «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن:
”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“
مەڕۆن،
یان ”ئەوەتا لە ژوورەوەیە!“
باوەڕ مەکەن،
٢٧ چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
٢٨ کەلاک لەکوێ بێت،
داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.
هاتنەوەی عیسا
٢٩ «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،
«﴿خۆر تاریک دەبێت،
مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾*
٣٠ «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت،
ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن،
کاتێک کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسمانەوە بە هێز و شکۆیەکی مەزنەوە دێت.*
٣١ فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت،
لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە،
لەم سەری ئاسمانەوە هەتا ئەو سەری،
هەڵبژێردراوانی خودا کۆدەکەنەوە.
پەندی دار هەنجیر
٣٢ «پەند لە دار هەنجیر وەربگرن:
کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد،
دەزانن هاوین نزیکە.
٣٣ بە هەمان شێوە،
کاتێک ئێوەش هەموو ئەم شتانە دەبینن،
بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.
٣٤ ڕاستیتان پێ دەڵێم:
ئەم نەوەیە بەسەرناچێت،
هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.
٣٥ ئاسمان و زەوی بەسەردەچن،
بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
کەس ئەو کاتە نازانێت
٣٦ «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت،
نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە،
تەنها باوک نەبێت.
٣٧ ڕۆژانی نوح چۆن بوو،
کاتی هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
٣٨ وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە،
ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد،
هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە،
٣٩ کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات،
هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد.
هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت.
٤٠ لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن،
یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
٤١ دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن،
یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
٤٢ «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن،
چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا مەسیحی خاوەن شکۆتان دێتەوە.
٤٣ بەڵام ئەوەش بزانن:
ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری،
ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت.
٤٤ کەواتە ئێوەش ئامادە بن،
چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.
نموونەی کۆیلەی دڵسۆز
٤٥ «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارەکانی دیکەی تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟
٤٦ خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.
٤٧ ڕاستیتان پێ دەڵێم:
بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت.
٤٨ بەڵام وای دابنێ کە ئەو کۆیلەیە خراپە و لە دڵی خۆیدا دەڵێ:
”گەورەکەم دوادەکەوێت،“
٤٩ بەو هۆیەوە دەست دەکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان دەخوات و دەخواتەوە.
٥٠ ئیتر گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت.
٥١ ئەوسا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت،
جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.