١ هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت
باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.
٢ دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و
ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.
٣ مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات،
کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.
٤ دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات،
بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.
٥ شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.
٦ زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن،
هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.
٧ پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە،
لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە!
بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت،
بەڵام بێ سوودە.
٨ ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت،
ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.
٩ شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.
١٠ گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە،
لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.
١١ وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە،
شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.
١٢ هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.
١٣ کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکییەتی،
ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.
١٤ ماڵ و سامان میراتی باوکانە،
بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.
١٥ تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت،
کەسی سست برسی دەبێت.
١٦ ئەوەی ڕاسپاردە* بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.
١٧ ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات،
ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.
١٨ کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێد تێدایە،
بەڵام بە کوشتنی مەدە.
١٩ ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت،
چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.
٢٠ گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە،
بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.
٢١ مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە،
بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.
٢٢ ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە،
هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.
٢٣ لەخواترسی بۆ ژیانە،
بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.
٢٤ تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.
٢٥ لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت،
تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.
٢٦ ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات،
کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.
٢٧ ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن هێنا لە ڕاوێژ،
لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.
٢٨ شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات،
دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.
٢٩ سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە،
لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.