١ ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات،
بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.
٢ پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت،
بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.
٣ مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت،
ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.
٤ ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی،
بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.
٥ پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە،
بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.
٦ قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە،
دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.
٧ بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن،
بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.
٨ مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت،
بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.
٩ باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت
لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.
١٠ کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات،
بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.
١١ ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت،
بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێنەگەیشتووە.
١٢ بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات،
ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.
١٣ خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی،
بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.
١٤ مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت،
پاداشتی دەستی مرۆڤیش بۆی دەگەڕێتەوە.
١٥ ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.
١٦ گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت،
بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.
١٧ ئەوەی بە ڕاستگۆیی دەدوێت ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت،
بەڵام شایەتی ساختە درۆ دەکات.
١٨ هەیە هەڵەشەییەکەی وەک زەبری شمشێرە،
بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە* .
١٩ لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت،
بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.
٢٠ ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە،
بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.
٢١ کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت،
بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.
٢٢ قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،
بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.
٢٣ مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،
دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.
٢٤ دەستی ماندوو فەرمانڕەوایەتی دەکات،
بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاری دەبێت.
٢٥ نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،
بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.
٢٦ کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،
بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.
٢٧ مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
بەڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانەکەی دەدات.
٢٨ لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،
ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.