ئاگادارکردنەوە لە ژنی داوێنپیس
١ ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و
ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
٢ ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت،
فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت.
٣ بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە،
لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
٤ بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی.»
تێگەیشتنیش ناوبنێ خزم،
٥ بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن،
لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
٦ لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە
لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە* ڕوانیم،
٧ لەناو ساویلکەکاندا بینیم،
لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
٨ لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە،
ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
٩ لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر،
لەژێر تاریکایی شەو.
١٠ ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو،
لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
١١ (بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە،
پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
١٢ پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە،
لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
١٣ گەنجەکەی گرت و ماچی کرد،
بێ ئابڕووانە پێی گوت:
١٤ «قوربانی هاوبەشیم* لەسەرە،
ئەمڕۆ نەزرەکانی* خۆمم بەجێهێنا،
١٥ بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە،
بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
١٦ نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە،
کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
١٧ نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە
بە موڕ و ئەلوا* و دارچین* .
١٨ وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین،
بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین.
١٩ چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە،
چووەتە ڕێگایەکی دوور.
٢٠ کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە،
هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
٢١ بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد،
بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
٢٢ لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت،
وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت،
وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
٢٣ هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت،
وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو،
کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
٢٤ ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
٢٥ دڵت بەرەو ڕێگاکانی لانەدات،
لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
٢٦ چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە،
هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
٢٧ ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە،
شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.