١ هەلیلویا!
 
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.
 
٢ با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
٣ با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
٤ چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
٥ با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.
 
٦ با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
٧ بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
گەلان سزا بدەن،
٨ بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
٩ بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.
 
هەلیلویا.