پەیدابوون ٢

پەیدابوون بەشی ٢

ڕۆژی حه‌وته‌م: پشوودان

1به‌م شێوه‌یه‌ ئاسمان و زه‌وی و هه‌رچی تێیاندا ڕێكخرابوو ته‌واو كران.
2ئیتر خودا له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م له‌و كاره‌ی كه‌ كردبووی ته‌واو ببوو، ئینجا له‌ ڕۆژی حه‌وته‌مدا له‌ هه‌موو كاره‌كانی پشووی دا.3خودا ڕۆژی حه‌وته‌می به‌ره‌كه‌تدار و پیرۆز كرد، چونكه‌ تێیدا له‌ هه‌موو كاره‌كانی پشووی دا، هه‌موو ئه‌وه‌ی خودا به‌دیهێنا و دروستی كرد.

ئاده‌م و حه‌وا

4ئه‌مانه‌ش ڕێكخستنه‌كانی ئاسمان و زه‌وین كاتێك به‌دی هێنران، له‌و ڕۆژه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگار زه‌وی و ئاسمانی دروستكرد.
5هێشتا هیچ ده‌وه‌نێكی كێڵگه‌ له‌سه‌ر زه‌وی نه‌بوو، هه‌روه‌ها هیچ ڕووه‌كێكی كێڵگه‌ش هێشتا سه‌ری ده‌رنه‌كردبوو، چونكه‌ هێشتا یه‌زدانی په‌روه‌ردگار بارانی به‌سه‌ر زه‌ویدا نه‌باراندبوو. هیچ مرۆڤێكیش نه‌بوو ئیشی جوتیاری بكات.6به‌ڵام ته‌م له‌ زه‌وییه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وت و هه‌موو ڕووی زه‌وی ئاو ده‌دا.7جا یه‌زدانی په‌روه‌ردگار پیاوی له‌ خۆڵی زه‌وی[a] پێكهێنا و هه‌ناسه‌ی ژیانی فووكرده‌ كونه‌ لووتی. به‌مه‌ش پیاوه‌كه‌ بووه‌ گیانێكی زیندوو.
8ئینجا یه‌زدانی په‌روه‌ردگار باخچه‌یه‌كی له‌ عه‌ده‌ن، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا چاند. له‌وێش پیاوه‌كه‌ی دانا كه‌ پێكی هێنابوو.9یه‌زدانی په‌روه‌ردگار هه‌موو ئه‌و جۆره‌ دره‌ختانه‌ی كه‌ له‌به‌رچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون له‌ زه‌ویدا گه‌شه‌ی پێكرد. دره‌ختی ژیانیش له‌ناوه‌ڕاستی باخچه‌كه‌دا بوو، هه‌روه‌ها دره‌ختی زانینی چاكه‌ و خراپه‌.
10ڕووبارێك له‌ عه‌ده‌نه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا و له‌به‌ری ده‌ڕۆیشت بۆ ئاودانی باخچه‌كه‌، له‌وێوه‌ جیا بووه‌وه‌ و بووه‌ چوار لق:11ناوی یه‌كه‌میان پیشۆنه‌ كه‌ به‌ هه‌ر چوار لای هه‌موو زه‌وی حه‌ڤیلادایه‌، كه‌ زێڕی لێیه‌.12زێڕی ئه‌و زه‌وییه‌ چاكه‌، هه‌روه‌ها سرێشی[b] داری بۆن خۆش و به‌ردی عاشقبه‌ندیشی لێیه‌.13ناوی ڕووباری دووه‌میان گیحۆنه‌، كه‌ به‌ شێوه‌ی پێچاوپێچ به‌ هه‌موو خاكی كوشدا[c] ده‌ڕوات.14ناوی ڕووباری سێیه‌م دجله‌یه‌،[d] ئه‌میش به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شاری ئه‌شووردا[e] ده‌ڕوات. ڕووباری چواره‌میش فوراته‌.
15یه‌زدانی په‌روه‌ردگار پیاوه‌كه‌ی هێنا و له‌ باخچه‌ی عه‌ده‌ن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایه‌خ پێدانی.16یه‌زدانی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی به‌ پیاوه‌كه‌ دا و فه‌رمووی: «تۆ ئازادیت له‌ هه‌موو دره‌خته‌كانی باخچه‌كه‌ بخۆیت،17به‌ڵام بۆت نییه‌ له‌ دره‌ختی زانینی چاكه‌ و خراپه‌ بخۆیت، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌ی لێی بخۆیت بێگومان ده‌مریت.»
18یه‌زدانی په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: «باش نییه‌ بۆ پیاو به‌ ته‌نها بێت. یاریده‌رێكی هاوشانی بۆ دروستده‌كه‌م.»
19یه‌زدانی په‌روه‌ردگار هه‌ر له‌ خۆڵی زه‌وی هه‌موو ئاژه‌ڵی كێوی و هه‌موو باڵنده‌كانی ئاسمانی پێكهێنا. ئینجا بۆ پیاوه‌كه‌ی هێنا هه‌تا ببینێت ناوی چییان لێ ده‌نێت، هه‌ر ناوێك كه‌ پیاوه‌كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌م بوونه‌وه‌ره‌ زیندووانه‌ی نا، ئه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی بوو.20پیاوه‌كه‌ ناوی له‌ هه‌موو ئاژه‌ڵی ماڵی و باڵنده‌ی ئاسمان و ئاژه‌ڵی كێوی نا.
به‌ڵام بۆ پیاوه‌كه‌[f] هیچ یاریده‌رێكی هاوشان نه‌دۆزرایه‌وه‌.
21له‌ ئه‌نجامدا یه‌زدانی په‌روه‌ردگار پیاوه‌كه‌ی خسته‌ خه‌وێكی قووڵه‌وه‌. كاتێك خه‌وتبوو، یه‌كێك له‌ په‌راسووه‌كانی ده‌رهێنا و شوێنه‌كه‌ی به‌ گۆشت بۆ پڕكرده‌وه‌.22ئینجا یه‌زدانی په‌روه‌ردگار ئافره‌تێكی له‌و په‌راسووه‌ بنیاد نا كه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، جا بۆ پیاوه‌كه‌ی هێنا.
23پیاوه‌كه‌ گوتی:
«ئێستا ئه‌مه‌ ئێسكێكه‌ له‌ ئێسقانه‌كانم و
گۆشته‌ له‌ گۆشتم.
ئه‌مه‌ ناوده‌بردرێت به‌ ”ئافره‌ت“[g]
چونكه‌ له‌ پیاوه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.»
24له‌به‌ر ئه‌وه‌ پیاو دایك و باوكی خۆی به‌جێده‌هێڵێت و به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌نووسێت، ئیتر ده‌بنه‌ یه‌ك جه‌سته‌.
25پیاوه‌كه‌ و ژنه‌كه‌ی هه‌ردووكیان ڕووت بوون، شه‌رمیشیان نه‌ده‌كرد.

بەشی ١

بەشی ٣