پەیدابوون ١

پەیدابوون بەشی ١

سه‌ره‌تای به‌دیهێنان

1له‌ سه‌ره‌تادا خودا ئاسمان و زه‌ویی به‌دیهێنا.2زه‌ویش بێ شێوه‌ و به‌تاڵ بوو، تاریكیش له‌سه‌ر ڕووی قووڵاییه‌كان بوو. ڕۆحی خوداش له‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌كان ده‌جوڵایه‌وه‌.

ڕۆژی یه‌كه‌م: ڕووناكی

3خودا فه‌رمووی: «با ڕووناكی ببێت.» ئینجا ڕووناكی بوو.4خوداش بینی كه‌ ڕووناكییه‌كه‌ باش بوو. ئیتر خودا ڕووناكییه‌كه‌ی له‌ تاریكی جیا كرده‌وه‌.5خودا ڕووناكییه‌كه‌ی ناونا «ڕۆژ» و تاریكییه‌كه‌ی ناونا «شه‌و.» ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی یه‌كه‌م بوو.

ڕۆژی دووه‌م: لێك جیاكردنه‌وه‌ی ئاوه‌كان 6خودا فه‌رمووی: «با بۆشاییه‌ك[a] له‌نێوان ئاوه‌كاندا ببێت، بۆ جیابوونه‌وه‌ی ئاو له‌ ئاو.»7خودا بۆشاییه‌كه‌ی دروستكرد و ئاوه‌كه‌ی ژێر بۆشاییه‌كه‌ی له‌ ئاوه‌كه‌ی سه‌ر بۆشاییه‌ كراوه‌كه‌ جیا كرده‌وه‌. جا ئاوا بوو.8خودا بۆشاییه‌كه‌ی ناونا «ئاسمان.» جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی دووه‌م بوو.

ڕۆژی سێیه‌م: وشكانی و سه‌وزایی

 9خودا فه‌رمووی: «با ئاوه‌كانی ژێر ئاسمان له‌ یه‌ك شوێن كۆببنه‌وه‌ و وشكانی ده‌ربكه‌وێت.» جا ئاوا بوو.10خودا وشكانییه‌كه‌ی ناونا «زه‌وی». ئاوه‌ كۆبووه‌وه‌كه‌شی ناونا «ده‌ریا». خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
11ئینجا خودا فه‌رمووی: «با زه‌وی سه‌وزایی بدات: ڕووه‌كی تۆودار و داری به‌ردار له‌سه‌ر زه‌وی، ئه‌وه‌ی تۆوه‌كه‌ی له‌ناو خۆیه‌تی، له‌ جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.12زه‌وی سه‌وزایی دا: ڕووه‌كی تۆودار له‌ جۆری خۆی و دار كه‌ به‌ر دروستبكات و تۆوه‌كه‌ی تێدابێت له‌ جۆری خۆی. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.13جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی سێیه‌م بوو.
ڕۆژی چواره‌م: مانگ و ڕۆژ 14ئینجا خودا فه‌رمووی: «با له‌ بۆشایی ئاسماندا ڕووناكییه‌كان هه‌بێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆژ له‌ شه‌و، هه‌روه‌ها بۆ نیشانكردنی وه‌رز و ڕۆژ و ساڵ.15با ڕووناكییه‌كان له‌ بۆشایی ئاسماندا ببن، تاكو سه‌ر زه‌وی ڕووناك بكه‌نه‌وه‌.» جا ئاوا بوو.16هه‌روه‌ها خودا دوو ڕووناكییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی دروستكرد، ڕووناكییه‌ گه‌وره‌كه‌یان بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕۆژ، ڕووناكییه‌ بچووكه‌كه‌شیان بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی شه‌و، هه‌روه‌ها ئه‌ستێره‌كانیش.17خودا له‌ بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی داینان،18بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕۆژ و شه‌و و جیاكردنه‌وه‌ی ڕووناكی له‌ تاریكی. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.19جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی چواره‌م بوو.
ڕۆژی پێنجه‌م: باڵنده‌ و ماسی 20ئینجا خودا فه‌رمووی: «با ئاوه‌كان پڕ ببن له‌ ئاپۆره‌ی بوونه‌وه‌ری زیندوو، با باڵنده‌ش له‌ بۆشایی ئاسماندا به‌سه‌ر زه‌ویدا بفڕێت.»21ئیتر خودا بوونه‌وه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ده‌ریای به‌دیهێنا، له‌گه‌ڵ هه‌موو زینده‌وه‌ره‌ جوڵاوه‌كانی ناو ئاوه‌كان كه‌ لێی پڕبوون، به‌پێی جۆره‌كانیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو باڵنده‌یه‌كی باڵداریش به‌پێی جۆره‌كانیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.22خودا به‌ره‌كه‌تداری كردن و فه‌رمووی: «به‌ردار بن و زۆر بن و ئاوی ده‌ریاكان پڕ بكه‌ن، با باڵنده‌كانیش له‌سه‌ر زه‌وی زۆر ببن.»23جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی پێنجه‌م بوو.
ڕۆژی شه‌شه‌م: ئاژه‌ڵ و مرۆڤ 24خودا فه‌رمووی: «با زه‌وی بوونه‌وه‌ره‌ زیندووه‌كان له‌ جۆری خۆیان به‌رهه‌م بهێنێت. ئاژه‌ڵی ماڵی و خشۆكی زه‌وی و ئاژه‌ڵی كێوی، هه‌ریه‌كه‌یان له‌ جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو.25خودا ئاژه‌ڵی كێوی به‌پێی جۆری خۆیان دروستكرد، ئاژه‌ڵی ماڵیش به‌پێی جۆری خۆیان و هه‌موو خشۆكێكیش له‌سه‌ر زه‌وی به‌پێی جۆری خۆیان. خوداش بینی كه‌ ئه‌مه‌ باش بوو.
26ئینجا خودا فه‌رمووی: «با مرۆڤ له‌سه‌ر وێنه‌ی خۆمان دروستبكه‌ین و له‌ خۆمان بچێت. با ده‌سه‌ڵاتدار بن به‌سه‌ر ماسی ده‌ریا و باڵنده‌ی ئاسمان و ئاژه‌ڵی ماڵی و به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ خشۆكانه‌ی به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌خشێن.»27خودا مرۆڤی له‌سه‌ر وێنه‌ی خۆی به‌دیهێنا،
له‌سه‌ر وێنه‌ی خودی خۆی به‌دیهێنا،
به‌ نێر و مێ به‌دیهێنان.
28خودا به‌ره‌كه‌تداری كردن و پێی فه‌رموون: «به‌ردار بن و زۆر بن و زه‌وی پڕ بكه‌ن و بیخه‌نه‌ ژێر ڕكێفتانه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدار بن به‌سه‌ر ماسی ده‌ریا و باڵنده‌ی ئاسمان و به‌سه‌ر هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی زیندوودا كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌جوڵێته‌وه‌.»
29ئینجا خودا فه‌رمووی: «هه‌موو ڕووه‌كی تۆودار كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕووی زه‌وییه‌ داومه‌ به‌ ئێوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو دارێكیش كه‌ به‌ری هه‌یه‌ و تۆوی خۆی تێدایه‌. بۆ ئێوه‌ ده‌بنه‌ خۆراك.30بۆ هه‌موو گیانله‌به‌رانی زه‌وی و هه‌موو باڵنده‌كانی ئاسمان و هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی خشۆكی سه‌ر زه‌وی، هه‌موو بوونه‌وه‌رێك كه‌ هه‌ناسه‌ی ژیانی تێدایه‌، هه‌موو ڕووه‌كی سه‌وزم بۆ خۆراك پێداون.» جا ئاوا بوو.
31خودا بینی هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ دروستی كردبوو زۆر باش بوو. جا ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی شه‌شه‌م بوو.