ئازادبوون لە گوناه
١ باشە چی بڵێین؟
ئایا لە گوناە بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟
٢ نەخێر!
ئێمە کە سەبارەت بە گوناە مردین،
ئیتر چۆن تێیدا بژین؟
٣ ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە،
هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟
٤ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین،
تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە،
ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین.
٥ ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت،
لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین.
٦ ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا،
بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناە بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت،
هەتا چیتر کۆیلەی گوناە نەبین.
٧ ئەوەی مرد لە گوناە ئازاد کراوە.
٨ بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین،
باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین،
٩ دەزانین مەسیح کە لەنێو مردووان هەستێنرایەوە،
جارێکی دیکە نامرێتەوە.
ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە.
١٠ ئەو مردنەی مرد،
تەنها جارێک لەبەر گوناە مرد.
بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.
١١ ئێوەش سەبارەت بە گوناە خۆتان بە مردوو دابنێن،
بەڵام بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا خۆتان بۆ خودا بە زیندوو بزانن.
١٢ کەواتە مەهێڵن گوناە حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات،
تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن.
١٣ ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناە پێشکەش مەکەن،
بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن،
وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا.
١٤ چیتر گوناە دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت،
چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین،
بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.
کۆیلەکانی چاکە
١٥ کەواتە چی؟
ئایا گوناە بکەین،
چونکە لەژێر سایەی شەریعەتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟
نەخێر!
١٦ ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن،
دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی،
جا بۆ گوناە کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟
١٧ بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناە بوون،
لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا.
١٨ ئێوە لە گوناە ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.
١٩ لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم.
ئیتر وەک چۆن لەپێشدا ئەندامەکانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە پێشکەشی خراپە کرد،
ئێستاش ئەندامەکانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن،
٢٠ چونکە کاتێک کۆیلەی گوناە بوون،
سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون.
٢١ ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟
چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە.
٢٢ بەڵام ئێستا کە لە گوناە ئازاد کراون و بوونەتە بەندەی خودا،
بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە،
٢٣ چونکە کرێی گوناە مردنە،
بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوەیە.