سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران
١ گوتم:
«ئەی سەرکردەکانی یاقوب،
ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
٢ ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن،
پێستی گەلەکەم دادەماڵن و
گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
٣ ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن،
کەوڵیان دەکەن،
ئێسکیان دەشکێنن،
پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ،
وەک گۆشتی ناو تاوە.»
 
٤ ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن،
بەڵام وەڵامیان ناداتەوە.
لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.
٥ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«سەبارەت بە پێغەمبەرەکان،
ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن،
بانگەوازی ئاشتی دەکەن
بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن،
بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن
کە تێریان ناکەن.
٦ لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت،
تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە.
خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت،
ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.
٧ پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن،
فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن،
هەموویان چاوەڕوویان نەماوە،
چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»
 
٨ بەڵام سەبارەت بە من،
پڕم لە هێز،
پڕ لە ڕۆحی یەزدان،
لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی،
تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم،
بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.
 
٩ ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب،
ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
گوێ لەمە بگرن،
ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و
هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،
١٠ ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و
ئۆرشەلیم بە ستەم.
١١ ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن،
کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن،
پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن:
«ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟
هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»
١٢ لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە
سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.