ئامۆس
کورتە باسێک
خودای سوپاسالار لەگەڵ کەسی لووتبەرز و لەخۆڕازی نەرمونیان نابێت، بەڵکو بەوپەڕی دادپەروەرییەوە سزای هەموو مرۆڤێکی خراپ دەدات، ئیتر شانشینەکەی دەهێنێت.‏
 
ئامۆسی پێغەمبەر لە نزیکەی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین بە سروشی ڕۆحی پیرۆز ئەم پەڕتووکەی نووسیوە. ئامۆس هاوسەردەمی پێغەمبەران هۆشەع و ئیشایا و میخا ژیاوە. پەیامی ئامۆس وەک پەیامی هۆشەع بوو، ئاراستەی شانشینی ئیسرائیلی باکوور بوو، هەرچەندە خۆی لە شانشینی باشوور لەدایک ببوو. پەیامەکەی ڕاگەیاندنی دادوەری خودا بوو بۆ نەتەوەکانی دەوروبەر، ئینجا بە وردی باسی چارەنووسی خودی ئیسرائیلی کردووە، لەدوای ئەوە کۆمەڵێک گوناهی نەوەی ئیسرائیلی باسکردووە، بە تایبەتی ئەو گوناهە کۆمەڵایەتییانەی لە سەردەمی ئەو باو بوون، ستەمکاری، بەرتیل، چاوچنۆکی و بتپەرستی. لەدوای ئەوەش چەند بینینێکی بۆ دەرکەوتووە کە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی دووپات دەکاتەوە؛ ئینجا پەڕتووکەکە بە هیوایەکی لاواز کۆتایی دێت بۆ تۆبەکردنی گەلی ئیسرائیل.
پەیامی ئامۆس پشت بە باوەڕ دەبەستێ بە ڕاستودروستی هەتاهەتایی خودا. لەبەر ئەوەی خودا ڕاستودروستە، داوا لە گەلەکەی دەکات ڕاستودروست بێت. ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون لەوەی باوەڕ و چاکەیان دەربخەن، بەهۆی ژیانی هەڵەیان کە پەیڕەوی دەکەن، ئەوا بێگومان دەبێ هەژماردەکەیان بدەنە خودا و سزا بدرێن. هەروەها خودا سزای تۆبە نەکردن پیشانی گەلەکەی دەدات ‏(٥‏:٦‏)‏.