١ «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،
ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت
بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و
پاشایان چەک بکەم،
بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و
دەرگاکان دانەخرێن:
٢ ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و
تەپەکان تەخت دەکەم،
دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و
شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
٣ گەنجینەکانی تاریکی و
خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،
هەتا بزانیت کە من یەزدانم،
خودای ئیسرائیل،
ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
٤ لەبەر یاقوبی بەندەم و
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،
بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و
نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی
هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
٥ من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،
بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،
بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،
٦ بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن
بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
٧ شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،
دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،
*
من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
 
٨ «ئەی ئاسمان لە سەرەوە،
ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،
با هەورەکان بیپرژێنێت.
با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە
ڕزگاری بەر بگرێت و
ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛
من یەزدانم بەدیم هێنا.
 
٩ «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،
پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.
ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:
”چی دروستدەکەیت؟“
یان دەڵێت:
”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟
١٠ قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:
”چ منداڵێکت خستەوە؟“
بە دایکەکەشی:
”چیت لێ دەبێت؟“
 
١١ «یەزدان،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،
ئەمە دەفەرموێت:
دەربارەی ئەوانەی دێت،
ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،
سەبارەت بە کاری دەستم،
ڕامدەسپێرن؟
١٢ من زەویم دروستکرد و
مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.
دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و
هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
١٣ من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و
هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.
ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و
ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات
بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
١٤ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و
سەبئییە باڵا بەرزەکان
بۆ لای ئێوە* دەپەڕنەوە و
بۆ ئێوە دەبن.
لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و
دەپەڕنەوە بۆ لاتان.
کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و
لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:
”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،
خودای دیکە نییە.“»
 
١٥ بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،
خودای ئیسرائیل،
ئەی ڕزگارکەر.
١٦ هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
١٧ بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،
بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.
شەرمەزار و ڕیسوا نابن
هەتاهەتایە.
 
١٨ یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەری ئاسمان،
ئەو خودایە،
شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،
ئەو دایمەزراند.
بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،
بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،
دەفەرموێت:
«من یەزدانم و
یەکێکی دیکە نییە.
١٩ لە پەناوە قسەم نەکرد،
لە شوێنێکی تاریکی زەوی.
بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،
”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“
من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و
ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.
 
٢٠ «کۆببنەوە و وەرن،
ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان،
پێکەوە وەرنە پێش.
نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە،
داری بتە داتاشراوەکانیان،
ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
٢١ ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.
با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.
لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،
لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟
ئایا منی یەزدان نەبوو؟
بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،
خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر
بێجگە لە من نییە.
 
٢٢ «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،
ئەی هەموو لایەکانی زەوی،
چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
٢٣ سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،
ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،
وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،
کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،
هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
٢٤ سەبارەت بە من دەڵێن:
”ڕاستودروستی و هێز
تەنها بە یەزدانە.“»
هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە
بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
٢٥ بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل
بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.