١ وەرن،
هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان.
٢ بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین.
 
٣ لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
٤ قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و
لووتکەی شاخەکان هی ئەون.
٥ دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا.
 
٦ وەرن،
کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین،
٧ چونکە ئەو خودامانە و
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،
مەڕی دەستی ئەوین.
 
ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت:
٨ «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا* لە بیابان،
٩ لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە.
١٠ چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم:
”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و
ڕێگای منیان نەناسی.“
١١ بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»